دیمەنێک لە مەشقەکانی تیپی بالەی کچانی یانەی سلێمانی- وێنە: 964+
کچانی سلێمانی ئامادەکارییان بۆ خولی عێراق دەستپێکرد
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی بالەی کچانی یانەی وەرزشی سلێمانی، ئامادەکارییان بۆ خولی عێراق دەستپێکرد.
دوای کۆتایی هاتنی رکابەرییەکانی خولی لاوان، فیدراسیۆنی بالەی عێراق کۆتایی مانگی داهاتووی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی خولی بالەی کچانی یانە پلە نایابەکان، تیپی یانەی سلێمانی دوای دەستەبەرکردنی نازناوی لاوان، لە ئێستادا ئامادەکارییەکانی بۆ خولی نایاب دەستپێکردووە.
ئالان سەڵاح راهێنەری یانەی سلێمانی بە 964ـی وت، لە دوای تەواوبوونی خولی لاوان و دوای پشوویەکی کورت، ئامادەکارییەکانیان بۆ خولی نایابی عێراق دەستپێکردووە.
وتیشی، بەشێکی زۆری پێکهاتەی یانەکەی لە یاریزانانی لاوانی پاڵەوانی عێراق پێکهاتووە و چەند یاریزانێکی بەئەزمونیش سەرکردایەتی تیپەکەی دەکەن.
هەرچەندە تا ئێستا ژمارەی یانە بەشداربووەکان نەزانراوە، بەڵام وا بڕیارە رۆژی 25.9.2023 و لە شاری هەولێر، رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی بالەی یانە پلە نایابەکانی عێراق
بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی