964+ هۆكاری ده‌رنه‌كه‌وتنی ئازادكراوانی شیلادزێ ئاشكرا ده‌كات

964+
شۆڕش عەبدولستار – هەولێر

پێنج له‌ گیراوانی شیلادزێ، كه‌ ئه‌مڕۆ ئازادكران، له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ چه‌ند مه‌رجێكیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو پێش ئه‌وه‌ی ئازاد بكرێن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی كانوونی یه‌كه‌م، پێنج له‌ گیراوانی شیلادزێ ئازادكران، به‌ڵام كه‌س نه‌یتوانی بیانبینێت و بۆ میدیاكانیش ده‌رنه‌كه‌وتن.

به‌شدار حه‌سه‌ن سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی گیراوانی شیلادزێ به‌ 964+ی وت، ئاسایش چه‌ند مه‌رجێكی به‌سه‌ر گیراوه‌كاندا سه‌پاندووه‌ و ئینجا ئازادی كردوون.

ئه‌و وتی: “ئاسایش له‌گه‌ڵ پێنج گیراوه‌كه‌ و كه‌سوكاریان كۆبووه‌ته‌وه‌، مه‌رجی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داناون، كه‌ نابێت هیچ وێنه‌یه‌ك بڵاو بكه‌نه‌وه‌ له‌ كاتی ئازادبوونیان، هه‌روه‌ها بۆیان نییه‌ بۆ هیچ ده‌زگه‌یه‌كی راگه‌یاندن قسه‌ بكه‌ن، سێیه‌م مه‌رجیش ئه‌وه‌یه‌ نابێت سه‌ردانی تیمی پارێزه‌رانی به‌رگریكار بكه‌ن و په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكه‌ن”.

به‌شدار حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌وان پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ گیراوه‌كان سه‌ردانیان بكه‌ن، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌بوو ئه‌وان ئازادكران و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كه‌سوكاریان.

سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌كانی گیراوانی شیلادزێ، هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ ماده‌ی 1 له‌ یاسای ژماره‌ 21ی ساڵی 2003ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستگیر كرابوون، كه‌ یاسای تێكدانی ئاسایشی ناوخۆیه‌، به‌ڵام ئه‌وان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر نه‌بوو، نه‌ دانپێدانانیان هه‌یه‌ و نه‌ به‌ڵگه‌”.

ئه‌و گیراوانه‌ی ئه‌مڕۆ ئازادكران، دوو ساڵ سزای به‌ندكردنیان ته‌واو كرد.

ئه‌و گیراوانه‌ی ئه‌مڕۆ ئازادكران، دوو ساڵ سزای به‌ندكردنیان ته‌واو كرد.

به‌شدار حه‌سه‌ن ئاشكراشی كرد چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ئاداری 2023 ژماره‌یه‌كی تر له‌ گیراوانی بادینان ئازاد بكرێن.