داواکراوە هەژمارەکان بگۆڕن
کێشەکەی کۆرەک خەڵک و بازاڕی دابەشکردووە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دواین بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لەبارەی داواکاری گواستنەوەی ئەو هەژمارانەی لەسەر ژمارەی کۆڕەک کراونەتەوە، بازاڕی دابەشکردووە، هەندێ دەڵێن فشار و هەندێکی دیکە دەڵێن، جێبەجێ بکێ خەڵک تووشی زیان دەبن.
شەو رابردوو، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەت دەدەینە بەکارهێنەرانی کۆڕەک تێلیکۆم تا هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان بگوێزنەوە سەر هێڵێکی دیکە.
بە قسەی دەستەکە، پاش ئەو وادەیە، هێڵەکان دەوەستن، هەروەها سەرجەم بنکەکانی پەیوەندیکردنی کۆمپانیاکە لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دادەخرێن.
پەیامنێری 964 لە بازاڕی هەولێر خەڵک و فرۆشیاری دواندووە، ئەوانەی کە ئاشنان بە کێشەکانی کۆڕەک و دەستەکە دەڵێن، ساڵانێکی زۆرە ئەو ناوکۆکییانە هەیە و تائێستا دانەخراوە، یەکێکە لەوانە زانا جەمالە ئەو بە 964ی وت، پێی وایە کۆڕەک مارکێت نییە هەروا ئاسان دابخرێ.
یەکێک لە فرۆشیارەکانی دیکە دەڵێ، کۆرەک نەک کەس نایکڕێ لە بازاڕیشدا تەواو کەمبووەتەوە و بەهۆی ناکۆکییەکان و هۆشداییەکان بۆ داخستنی کۆمپانیاکە فرۆش و بەکارهێنەری کەمی کردووە.
کێشەی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) کێشەیەکی نوێ نییە، بنەڕەتی بەشێک لە ناکۆکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 و لەو کاتەوە تا ئێستا کێشەکە بە هۆی بابەتی دارایی، یاسایی، تەکنیکی.
لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، کێشەکە کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک و بە تایبەتی پەیوەندیی نێوان کۆڕەک و تۆڕەکانی دیکەی عێراق داناوە، کۆڕەک دەڵێت ئەو ساڵە دەبوو شوێنی کۆمپانیای «عێراقونا» بگرێتەوە. ئەو کۆمپانیایە نزیکەی 3 ملیۆن بەشداربووی هەبوو و کۆدی 0790ی بەکار دەهێنا.
بە پێی ڕوونکردنەوەی کۆڕەک، ئەو بەشداربووانە دواتر بە کۆمپانیای زەین دراون، و ئەمەش بووەتە یەکێک لە بنەماکانی ناکۆکیی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق.
دواتر، لە 1ی تشرینی دووەمی 2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاری راگرتنی پەیوەندیی کۆڕەک لەگەڵ هەندێک تۆڕی دیکەی عێراق دا، هۆکاری راگەیەندراویش، کەڵەکەبوونی قەرز و پابەندنەبوونی کۆمپانیابووە بە پابەندییە داراییەکان، وەک دەستەکە ئاماژەی بۆ کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا