هەر خاوەن مۆلیدەیەک ڤۆڵتییە دابەزێنێت سزا دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد

لە عەربەت هۆشداری دەدرێتە مۆلیدە ئەهلییەکان لە دابەزاندنی ڤۆڵتییەکانیان و بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، هەر مۆلیدەیەک ئەوە بکات سزا دەدرێت.

لەناو ناحیەی عەربەت، 14 مۆلیدەی ئەهلی بوونیان هەیە و لیژنەیەکی تایبەتمەند چاودێریان دەکات.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لە مۆلیدەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر مۆلیدەکانیان لە هاویندا ڤۆڵتییەکانیان دادەبەزێنن.

وتیشی، “مۆلیدەکان سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە و ئەگەر بەردەوام بن ئەوا لەنێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێن و تا ئێستاش یەک مۆلیدەیان سزا داوە”.

ناحیەی عەربەت، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای ناوەندی پارێزگای سلێمانییە و نزیکەی 19 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە و دەکەوێتە باشووری سەنتەری پارێزگاکە.