دوو کارگەی خوێ  لە حاجیاوا داخران

+964

ژێوار خدر – راپەڕین

لەسەر کەمی یۆد لەناو بەرهەمی خوێیەکانیان، دوو کارگەی بەرهەمهێنانی خوێ لە حاجیاوا داخران.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ـی کانونی یەکەم، بە بڕیاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە، هەردوو کارگەی ئەتڵەس و کۆک، بڕیاری داخستنیان بۆ درا، بەهۆی ئەوەی خۆیی بێ یۆدیان بەکارهەمهێناوە.

 نەبەز ئەبوبەکر، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە +964ـی وت؛ دوای ئەوەی لە چەند مارکێتێکی شاری رانیە بڕێک لە خوێیان بەدیکرد کە گومان دەکرا شیاوی خواردن نەبێت، “تێستی سەرەتاییمان بۆ خوێی دوو لە کارگەکانی لە کیسنانی خوێ لە قەزای حاجیاوا کرد، دەرکەوت کە خوێیەکەیان یۆدی تێدانیەو شیاوی بەکارهێنان نایەت”.

نەبەز ئەبوبەکر، زیاتر روونی کردەوە کە كارگەى خوێى ئەتڵەس ھەستاوە بەخستنە بازاڕى خوێى بێ يۆدى ئاژەڵى و فرۆشتنى بە خوێى بە يۆد بۆ خواردنی مرۆڤ، ئەمەش كاريگەرى خراپى تەندروستى ھەيە لەسەر ھاوڵاتيان.

پێوەند بە كارگەى خوێى كۆك، ئەندامەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە دەڵێ؛ ئەوەیان بڕی يۆد بۆ خوێى بێ يۆدی ئاژەڵان زیاد کردووە، بەبێ بوونى ھيچ ئامێرێك و زياد  كردنى يۆد بەشێوەيەكى ھەڕەمەكى كە ئەمەش پێچەوانەى مەرج و رێنمایيەكانى كاركردنە.

زیاتر وتی “بۆیە بڕياردرا بە داخستنى ھەردوو كارگەى ناوبرا، هەروەها ئیجرائاتى ياسايى بەرانبەريان دەگیردرێتەبەر و سەرجەم ئەو خوێیە بێ يۆدەی ئاژەڵیيەی کۆ کراوەتەوە لە شوێنە گشتیيەكاندا، بەخۆرایی بەسەر خەڵکدا دابەشكراوان”.