رۆژی جیهانی هاوکاری مرۆییە؛ ئەو رۆژە چ پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە؟

964+

فەهمی نەبی

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 19ی ئابی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی هاوکاری مرۆیی دەستنیشانکردووە، دیاریکردنی ئەو رۆژە بەتەواوی پەیوەندی هەیە بەو هێرشەی کرایە سەر هۆتێل “القناة” لە بەغداد.

رۆژی 19.8.2003 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر هۆتێل “القناة” لەبەغدادی پایتەخت و بەهۆیەوە 22 کرێکاری هاوکاری مرۆیی کوژران، لەناویاندا سێرجۆ ڤێرا هەبوو، ئەو بالیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق، لەو رۆژەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 19ی ئابی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی هاوکاری مرۆیی دەستنیشانکردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، بەپێی دواین ئامار 362 ملیۆن کەس لەجیهان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی چەند ساڵێکە لەسەریەک، باشوری سودان وەک مەترسیدارترین ناوچە بۆ کاری کارمەندانی هاوکاریی مرۆیی دەستنیشانکراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ماوەی چەندین ساڵە هەوڵەکانی بۆ هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان بووە، بەپێی داتایەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نزیک بوەتەوە لە ملیۆنێک کەس، دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان %30 ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەنێو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین، کە سەرجەمیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.