ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا سەرکەوت
دۆستەکەی ترەمپ و نزیکەکەی پۆتین لە هەڵبژاردنێکی ئەوروپا شکستی هێنا
فەرهاد حەسەن
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا کە بە هاوڕێ و دۆستی دۆناڵد ترەمپ و نزیکی ڤلادیمێر پوتن دەناسرێت، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی ئەو وڵاتە لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆنی ولاتەکەی توشی شكستێكی گەورە بوو.
ئۆربان، دوای 16 ساڵ حوكمڕانی، لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێ و بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن ئۆپۆزسیۆنی توانی لەكۆی 199 كورسی، نزیكەی 137 كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکات.
پیتەر ماگیار، رێبەری ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا رایگەیاند کە ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیران پەیوەندی پێوەکردووە و پیرۆزبایی لێکردووە بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەویش لە میانەی وتارێکی کورتدا کە لە بارەگای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا پێشکەشی کرد، دانی بە شکستی خۆیدا نا.
ئۆربان لە ساڵانی دەسەڵاتیدا، بەهۆی ئەو سیاسەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر مافی کەمینەکان و ئازادی میدیا هەبوو رووبەڕوی رەخنە دەبووەوە، جگە لە تۆمەتبارکردنی بە لاوازکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، کە خۆی رەتیدەکاتەوە. هەروەها چەندین جار مافی ڤیتۆی لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بەکارهێناوە، کە دوایینجار رێگریکردن بوو لە قەرزێکی 90 ملیار یۆرۆیی بۆ ئۆکرانیا.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فرەنسا دڵخۆش بووە بە دۆڕانی ناوبراو و پیرۆزبایی لە پیتەر ماگیار رێبەری ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا کرد بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا و جەختی لەوە کردەوە کە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجامداوە.
بەپێی داتاکانی نوسینگەی هەڵبژاردن، دوای جیاکردنەوەی 66.69%ـی دەنگەکان، پارتی “تیسا” کە ماگیار سەرۆکایەتی دەکات، 137 کورسی لە کۆی 199 کورسی پەرلەمانی هەنگاریا بەدەستدەهێنێت، ئەمەش زۆرینەیەکی رەهای دوو لەسەر سێ پێکدەهێنێت کە رێگەی پێدەدات چاکسازی دەستوری ئەنجامبدات.
ئەم هەڵبژاردنە لە ناوەڕاستی دابەشبونێکی تونددا دێت سەبارەت بە ئاراستەی دەرەوەی هەنگاریا، ئۆربان چەندینجار رێگری لە هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ بەهێزتر کردووە، لەگەڵ بەردەوامبونی لە پشتبەستن بە وزەی رووسیا.