بارانی بەخوڕ زیانی پێ گەیاندبوون

رێگای چەندین گوند و شاری سنووری سلێمانی پاککرانەوە

964+

توانا نەقی

ئەم بارانە بەخوڕەی دوێنێ و پێرێ زیانی بەزۆرێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارو و گوندەکانی سنووری سلێمانی گەیاندووە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، تیمەکانیان بەردەوام لە کارکردندان بۆ چاککردنەوە و پاککردنەوەیان.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بڵاویکردەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی، لە رۆژانی رابردوودا لە ئەرکدان بوون بۆ رێکخستنەوە و پاککردنەوە و چاککردنەوەی رێگاکان، کە بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبوو.

ئاماژە بەوەش كراوە، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە چاککردنی رێگا و لابردنی هەرەس لەسەر رێگای کەڵکەسماق، چاککردنەوەی هەرەسێک لە رێگای گوندی دوکان لەسەر رێگای قەرەداغ – دەربەندیخان، چاککردن و لابردنی هەرەسێک لەسەر رێگای گوندی سەرکان لە ناحیەی ناڵپارێز، پڕکردنەوەی قەنتەرەی گوندی ئاوەسپی هۆمەرقەڵا.

هەروەها چاککردنی رێگای گوندەکانی هەنجیرە، خاڵدان، ئیبراهیم ئاوا لە بازیان، پڕکردنەوەی پردی رێگای گوندی قلیجە سەر بە ناحیەی وارماوا، کە بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتبوو، چاککردنی تەنیشتە شانی رێگای وارماوا – دەربەندیخان، ئاستی چنارە، کە بەهۆی لافاوەوە تێکچووبوو، پاککردنەوەی پردی مۆکەبە لە شارباژێڕ.

ئەمە جگە لەوەی بارانی بەخوڕ رێگای چەندین گوندی لە سنووری سیدەکان بڕیبوو، هەروەها زیانی بە چەندین ستوونی کارەبا گەیاندووە.