دیمەنی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەڵبژاردنی.وێنە:+964
سلێمانی نوێنەری خۆی بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق هەڵبژارد
یادگار محەمەد – سلێمانی
وەرزشوانانی سلێمانی نوێنەرانی خۆیان بۆ نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق هەڵبژارد.
نوێنەرایەتی پارێزگای سلێمانی پێکدێت لە 22 ئەندام، کە 17 ئەندامیان نوێنەری یارییە ئۆڵۆمپییەکانن و پێنج ئەندامیشیان نوێنەری یارییە نا ئۆڵۆمپییەکانن.
هەڵبژاردنەکە چوار ساڵ جارێکە و لە ئێستادا لیژنەیەکی ئۆڵۆمپی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی شارەکان دەکات، سەرۆکی نوێنەرایەتی هەر شارێکیش دەبێتە نوێنەری ئەو شارە لە دەستەی گشتی ئۆڵۆمپی عێراق و لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان.
لە سلێمانی پێشتر دکتۆر دیار محەمەد سدیق، سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە بوو کە لەهەمان کاتدا مامۆستای زانکۆ و راگری کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی سلێمانییە.
پێش دەستپێکی هەڵبژاردن، دەستەی پێشتر کە 22 ئەندام بوون، هەموویان دەستیانلەکار کشاندەوە، دواتریش دەستکرا بە هەڵبژاردنی نوێنەری یاریە نا ئۆڵۆمپییەکان کە ژمارەیان پێنج ئەندامە، پاشانیش هەڵبژاردن بۆ 17 ئەندامەکەی یارییە ئۆڵۆمپییەکان ئەنجامدرا.
دکتۆر دیار محەمەد سدیق، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی نوێنەرایەتی سلێمانی هەڵبژاردەوە، بەڵام هیچ رکابەرێکی نەبوو بۆ نوێنەرایەتی سلێمانی لە ئۆڵۆمپی عێراق، ئەمەش وایکرد بە دەنگی 18 ئەندام لە کۆی 22، متمانەی نوێنەرایەتی سلێمانی لە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق پێدرایەوە.
هاوکات جەمال عەلی بە 20 دەنگ بە جێگری نوێنەر هەڵبژێردرا، ئاڵا عوسمان بە 19 دەنگ بە نوێنەری لیژنەی خانمان لە نوێنەرایەتی سلێمانی هەڵبژێردرا.
دیار محەمەد، سەرۆکی نوێنەرایەتی سلێمانی دوای هەڵبژاردنەوەی قسەی بۆ 964ـی کردووە و دەڵێت، بە دووبارە پێدانەوەی متمانە پێم، ئەرکیان قورستر کردم بۆ خزمەتی زیاتر.
دەشڵێت: پێشتر کاری زۆری کردووە بۆ رێکخستنەوە و باشترکردنی سێکتەری وەرزش لە پارێزگای سلێمانی، بۆ داهاتووش لە پلانیاندایە کە کاری گەورەتر بکەن.
پیداچوونەوە: فەرمان سادق