دەرکەوتنی ئەستێرەکانی ئاسمان لەگۆشەیەکی جیاواز. وێنە:سۆشیال میدیا.
نیشانەی فێنکبوونە
ئەستێرەی گەلاوێژ دەرکەوتووە؟
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
هەموو ساڵێک دوای چلەی هاوین و گەرما، ئەستێرەی گەلاوێژ دەردەکەوێت، پێشینان دەیانووت دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هێمای فێنکبوونی کەشوهەوایە بەتایبەت شەوان، بەڵام شارەزایانی فەلەکناسی شتێکی دیکە دەڵێن.
ئەژی چەتۆ، شارەزای فەلەکناسی بۆ 964 وتی، “ساڵانە لە کۆتایی مانگی حەوت، لە ئاسمان دەردەکەوێت، بەڵام دەرکەوتنی هیچ پەیوەندی بە گۆڕانکاری کەشو هەوا نییە، دەرکەوتنی لەگەڵ کاتی گۆڕانکارییەکانی وەرزە، بۆیە بووەتە هێمای فێنکبوون”.
بەوتەی ئەژی چەتۆ، لەگەڵ خۆرهەڵاتنی بەیانیان دەردەکەوێت و هەموو رۆژێک دوو خولەک ئەستێرەی گەلاوێژ دێتەپێش، بەمەش کە دەگاتە مانگی 12 ئێواران لە کاتی خۆرئاوابوون بە روونی دەردەکەوێت.
بژار ئەکرەم، بەرپرسی بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە 964ی وت، گۆڕانکاری لە کەشوهەوا روویداوە و مەحاڵە چیتر وەک هەفتەکانی پێشوو گەرما بمێنێت، بەڵام کاریگەریی شەپۆڵەکانی گەرمای دوو هەفتەی رابردوو هەر دەمێنن، چونکە مانگی هەشتی ئەمساڵ گەرمترین بوو.
بەرپرسی بەشی پێشبینی ئەوەش دەڵێت، تا 10 رۆژی دیکە پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت، دواتر وردە وردە پلەکانی گەرما تەواو دادەبەزن، بەڵام تا 21.9 وەرزی هاوین هەژمار دەکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی