ناوچەی گەشتیاری بیارە. وێنە: سۆشیال میدیا
گەشتوگوزاری هەرێم بۆ بەغدا: بیارە بکەنە بنکەی گەشتیاریی وڵات
هاوبەش ئەبوبەکر
حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە دوای ناوچەیەکی گەشتیاریدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی وڵات بیناسێنێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ دەستەی گەشتوگوزار بیارەیان لە پارێزگای هەڵەبجە، پێشانی شاندێکی بەغدا داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.8.2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، بیارە ئەو مواسەفاتانەی تێدا هەیە، کە حکومەتی عێراق بەدوایدا دەگەڕێت و پێشبینیی دەکەن لە ساڵی 2024 وەک گوندی گەشتیاری بناسێنرێت.
ئەگەر بەغدا ناوچەی بیارەی بەدڵ بێت، ئەوا گوندەکە دەبێتە بنکەیەکی گەشتیاری و دەچێتە سەر نەخشەی گەشتیاری، بەمەش زیاتر دەناسرێت و گەشتیارێکی زۆرتر رووی تێدەکەن، ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت.
بە وتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، ژمارەی دانیشتووان، هەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی، پەروەردەیی و کشتوکاڵییەکان پێوەرن بۆ هەڵبژاردنی ئەو شوێنەی کە دەبێت بە بنکەی گەشتیاری، لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا شوێنێکی لەو جۆرە نییە.
“بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بۆ سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی روونکردەوە، کە بیارە ئەو مواسەفاتانەی هەیە”، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای وت.