هەولێر و سلێمانی بەرامبەر بوون
+964
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کۆماری هەردوو هەڵبژاردەی هەولێر و سلێمانی لە یاریگەی یەکەمی فرانسۆ هەریری بەرامبەر یەکتر یارییان کرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات.
گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 65 دیار عەلی گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەی سلێمانی بە لێدانی سزا تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 85دا ئیبراهیم غازی گۆڵی یەکسانبوونی بۆ هەڵبژاردەی هەولێر تۆمارکرد.
دوای یارییەکە هەرێم بورهان راهێنەری هەڵبژاردەی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی: سوپاسی هەموو یاریزانەکان دەکەم، کە لەگەڵمان لەم پاڵەوانیەتییەدا بەشدارن، کێشەی ئێمە ئەوەیە بەشێکی زۆری یاریزانەکان بە مەشق و راهێنانی کەمەوە بەشدارییان کردووە، بەڵام بە گشتی ئاستی تیپەکەمان زۆر باشە.
لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، هەڵبژاردەی هەولێر بەرامبەر هەڵبژادەی کەرکوک و هەڵبژاردەی سلێمانیش بەرامبەر هەڵبژاردەی دهۆک یاریی دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا