72 کاتژمێرى تر فڕۆکەى مەدەنى لە ئاسمانى عێراق نابینن

جارێکى تر درێژکرایەوە

وریا فەتاح

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق بڕیاریدا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە و دەڵێت، بڕیارەکە “رێکارێکی خۆپارێزیی کاتییە”.

لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 16.3.2026 بڵاویکردووەتەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاریان داوە داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی سەرجەم فڕۆکە (هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکان)ـدا درێژ بکەنەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، بڕیاری درێژکردنەوەکە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق هۆکاری بڕیارەکەی روونکردووەتەوە و دەڵێت، “ئەم هەنگاوە بە پشتبەستنە بە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکانیش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە”.

لە 28ـى شوباتەوە، لەوکاتەى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران دەستیپێکردووە، ئاسمانى عێراق بە داخراوى ماوەتەوە.