پێوەری ئاو قەرزی کۆن تازە دەکاتەوە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەر هاوبەشێکی ئاو لە سلێمانی پێوەری ئاو ببەستێت دەبێت قەرزە کۆنەکانی بگەڕێنێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دەڵێت، تا ٢٠ـی ئەم مانگە پێوەرەکان تۆمار دەکەن و هەرکەس ئەو کارە نەکات مانگانە ٨٠ هەزار دیناری کرێی ئاوی لێ وەردەگیرێت.

+964 بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی دەزانێت، نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوبەشی ئاو لە شاری سلێمانی هەیە و کەمتر ١٠٪یان پێوەری ئاویان نەبەستووە.

“هەرکەسێک پێوەری ئاو تۆمار بکات دەبێت قەرزە کۆنەکانی بداتەوە، ئەگەرنا پێوەرەکەی بۆ تۆمار ناکرێت و کەمتر لە شەش رۆژ مۆڵەت ماوە”، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی وای بە +964 وت.

دانانی پێوەری ئاو بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشوگوزارە بۆ رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاوی پاک، کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە بڕیاری لێ دراوە.

بەختیار تاهیر دەڵێت، هاوڵاتیان دەتوانن لە کاتی تۆمارکردنی پێوەرەکانیان تەنها قەرزی حکومەت بدەنەوە و قەرزەکانی کۆمپانیا دواتر بگێڕنەوە.