ئاسۆ رۆستەم بە درێسی یانەی شوڕتە. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
هۆکاری بەشدارینەکردنی ئاسۆ رۆستەم لە جامی کۆماری ئاشکرا بوو
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
ئاسۆ رۆستەم ئامادەنییە بەشداری پاڵەونیەتیی جامی کۆماری عێراق بکات.
بە بەشداریی هەڵبژاردەی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، پاڵەوانیەتیی جامی کۆماری لە تۆپی پێ دەستیپێکردووە، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سەرپەرشتی دەکات، هەڵبژاردەی سلێمانییش یەکێکە لە تیپە بەشداربووەکان و چاویشی لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشە، هەربۆیە دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە بۆ تۆکمەکردنی پێکهاتەکەیان، پەیوەندیان بە ئاسۆ رۆستەمی ئەستێرەی یانەی شوڕتەوە کردووە و تا درێسی هەڵبژاردەکە بپۆشێت.
ئاسۆ رۆستەم ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق بە 964ـی وت، پێش بەڕێوەچونی پاڵەوانیەتییەکە لەلایەن سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردەی سلێمانییەوە پەیوەندیان پێوەکرا.
وتیشی، “بەداخەوە دوای ئەوەی یاساکانی پاڵەوانیەتییەکە بڵاوکرانەوە، نەمتوانی بەشداریی بکەم، لەبەر ئەوەی من لە شاری رومادی لە دایک بوومە”.
ئاسۆ رۆستەم ساڵی 1994 لەشاری رومادی لە دایک بووە و لە ساڵی 2009ەوە لە تیپی لاوانی یانەی سلێمانی دەستی بە یاریی تۆپی پێ کردووە و لە ژیانی وەرزشی خۆیدا یاری بۆ هەریەک لە یانەکانی، سلێمانی، پێشمەرگە، نەورۆز، هەولێر، دهۆک، کەربەلا و شوڕتە کردووە، وەک یاریزانێکی پیشەگەریش یاری بۆ یانەی سالمییەی کوێتی کردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقیش نازناوی جامی کەنداوی بەدەستهێناوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا