پارێزگاری هه‌ولێر بۆ 964: كردنه‌وه‌ی كونسڵخانه‌ی قه‌ته‌ڕ كاری بازرگانان ئاسان ده‌كات

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، كونسڵخانه‌ی قه‌ته‌ڕ له‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌لی په‌یوه‌ندی و كاری باشتر بۆ بازرگانانی هه‌ولێر ده‌ڕه‌خسێنێت.

پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ مه‌شعه‌ل ئەلهاجه‌رى، كۆنسوڵى وڵاتى قەتەر به‌ وه‌كاله‌ت، لە هەولێر كۆبووه‌وه‌.

كۆنسڵخانه‌ی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ماوه‌یه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ فه‌رمی رێوڕه‌سمی كرانه‌وه‌كه‌ی بۆ نه‌كراوه‌.

ئومێد خۆشناو به‌ 964ی وت، “پێده‌چێت كونسڵخانه‌ی قه‌ته‌ڕ له‌ هه‌ولێر به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌بێت ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ ساز بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ستبه‌كارن و كاران”.

وتیشی، “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا رۆڵی مانگى سوورى قەتەڕى و حكومه‌تی وڵاتەکەیمان له‌ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگای هەولێر لە ماوەى رابردوودا لەگەڵ کونسڵی قەتەڕ به‌رز نرخاند، به‌ تایبه‌تی له‌ كاره‌ مرۆییه‌كان و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا”.

هه‌روه‌ها وتی، كردنه‌وه‌ی كونسڵخانه‌ی قه‌ته‌ڕ ئاسانكاری بۆ كاری بازرگانان و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات، به‌ تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئابووری و كشتوكاڵی و هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانی ناوخۆی كوردستان بۆ قه‌ته‌ڕ”.

خۆشناو ئه‌وه‌شی به‌ 964 وت، كردنه‌وه‌ی كونسڵخانه‌ی قه‌ته‌ڕ له‌ هه‌ولێر، ئاسانكارییه‌كی زیاتر بۆ كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌كات، بێن له‌ هه‌ولێر وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئه‌وانیش هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ڕ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری وزه‌دا.