"خەریکە بینایی چاوەکانی لەدەستدەدات"

چەند گەنجێکی خۆبەخش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و کۆمەک و هاوکاری بۆ منداڵێک کۆدەکەنەوە

بڕوا مەجید – زەڕایەن

لە زەڕایەن چەند گەنجێکی خۆبەخش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و کۆمەک و هاوکاری بۆ منداڵێک کۆ دەکەنەوە کە چاوەکانی کزبووە و خەریکە بە تەواوەتی بینایی لەدەست دەدات.

منداڵەکە تەمەنی شەش ساڵە، خێزانەکەی دەستکورتن و هەرچی هەیانبووە، لە چارەسەرکردنی منداڵەکەیان خەرجیان کردووە.

ئوسامە مەلا بورهان یەکێک لە گەنجە خۆبەخشەکان بە 964ـی وت، “دکتۆرێک لە ئێران وەعدی پێداون کە ئەو دەتوانێت بە نەشتەرگەری چارەسەری منداڵەکیان بکات، بۆ ئەو کارەش 70 ورەقەی واتە حەوت هەزار دۆلاری دەوێ”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چەند گەنجێکن و هەموو کەسوکاری یەکترن، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەو منداڵە.

نەوزاد ئەکرەم یەکێکی دیکەیە لەو گەنجانە و دەڵێت، لە دەرگای هەر ماڵێک دەدەن، دەست بەڕوویانەوە نانێن و بەقەدەر توانای خۆیان هاوکاریان دەکەن، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە دوو ملیۆن و 620 هەزار دیناریان کۆکردووەتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری