ڤیدیۆی تایبەت بە 964 ببینە

“ئاگرەکەی ناحیەی مانگێش بە دەستی کەسێک هەڵگیرساوە”

+964
زەید کۆچەر-دهۆک

ئێوارەی ئەمڕۆ دەشتی گوندی بێشینکێ سەر بە ناحیەی مانگێش ئاگری تێبەربوو و زیانیکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند، گومانیشی هەیە کەسێک بە ئەنقەست ئاگرەکەی کردبێتەوە.
نزیکەی 20 دۆنم زەوی سووتاوە و ژمارەیەک لە داری بەرهەمداریش لە ناوچەکەدا لەناو چوون.
موقەدەم رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەکانی هێزی پاراستنی ژینگەی دهۆک بە 964ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر بەر لە دەشتی گوندی بێشینکێ سەر بە ناحیەی مانگێش سەر بە قەزای ناوەندی دهۆک کەوتەوە و زیانی زۆری هەبووە، ئاگرەکە بەهێز بووە و تا ئێمە گەیشتینە شوێنەکە، خەڵکەکە هەندێک ئاگرەکەیان کەمکردبووەوە، بەهۆی ئەوەی نەیانویستووە بگاتە مەزرەعەکانیان، بەڵام نزیکەی 20 دۆنم پووش و پاوان سووتان و ژمارەیەک دار بەڕی و قەزوان و داری بەرهەمداری دیکەی سووتان.
“ئەم ئاگرە بە دەستی کەسێک هەڵگیرساوە و لێکۆلینەکان بەردەوامن و لە رێگەی کامێرای چاودێریی بازگەکان هەوڵدەدەین تاوانبارەکە دەستبەسەر بکەین”، رەمەزان سیاری وا دەڵێت

وتیشی، ئاگرەکە ئەوەندە تەشەنەی کردووە نزیک ببووەوە لە مۆلیدەیەکی بچووک لە مەزرەعەیەکدا بووە و سووتاندوویەتی و هەروەها نزیکەی یەک تۆن مێوژی رەش، کە بەرهەمی جوتیارێک بووە سووتاوە، لەگەڵ چەندین داری هەنار و سێو و ترێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگرەکە لە نزیکی کاتژمێر 4:00 دەستیپێکردبوو، تونرا 6:30 خولەک کۆنترۆل بکرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا