نادیە موراد لەوێ رزگاری بوو

گوندی کۆچۆ بونیاد دەنرێتەوە و گوندە کۆنەکەش دەبێتە شایەتی کوشتارگەیەکی مێژوویی

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

نۆ ساڵ لەمەوبەر دانیشتوانی گوندی کۆچۆ کە گوندێکی ئێزدینشین بوون، نزیکەی هەزار و 500 کەسیان لەلایەن رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژ کران.

رۆژی 15ی ئابی ساڵی 2014 رێکخراوی داعش ئەوەی لە گوندی کۆچۆ مابوویەوە لە شوێنێکی دەرەوەی گوندەکە کۆیکردنەوە و سەرجەمیانی لەناو 17 گۆڕی بەکۆمەڵدا گولەباران کرد.

نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شەنگال بە وەکالەت بە 964ی وت، بەردی بناغەمان بۆ دروستکردنی گوندێکی نوێ بە ناوی “کۆچۆ” دانا، گوندە نوێیەکە دەکەوێتە نزیک ئەو گوندەی رێکخراوی داعش وێرانی کرد، دوو رێکخراوی ئەمریکی دروستی دەکەن و هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین دەکرێت.

قایمقامی قەزای شەنگال بە وەکالەت ئەوەشی وت، گوندە کۆنەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک سەردانی ئەو گوندەی کرد، بەچاوی خۆی ببینێت رێکخراوی داعش چ کارەساتێکی لەم گوندەدا دروستکردووە.

بەر لەوەی رێکخراوی داعش خەڵکی گوندی کۆچۆ کۆمەڵکوژ بکات، ژمارەی دانیشتووانی هەزار و 744 کەس بوو، ئەو رۆژە تەنیا 19 کەس بە برینداری رزگاریان بوو، یەکێک لەوانە نادیە موراد بوو.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی