گەڕەکێک لە ناحیەی قەسرۆک - وێنە: 964
ئەوەی پارەی کارەبا نەدات لێی دەبڕن
لە یەک رۆژدا 400 ماڵ لە قەسرۆک کارەبای نیشتیمانیان بڕاوە
زەید کۆچەر – دهۆک
هەر ماڵێک لە ناحیەی قەسرۆک قەرزی کارەبای نیشتمانی زیاتر بێت لە ملیۆنێک دینار راستەوخۆ کارەبای دەبڕدرێت، تا قەرزەکەی نەداتەوە کارەبای پێ نادرێتەوە.
سەخەر حەیدەر حوسێن، بەڕێوەبەری کارەبای شێخان بە وەکالەت بۆ 964 وتی، “ئەوە بڕیاری وەزارەتی کارەبایە، هەر هاوبەشێک قەرزی لە ملیۆنێک دینار زیاتر بێت و نەیداتەوە کارەبای دەبڕدرێت، ماوەی سێ مانگە دەستمان پێکردووە”.
بەڕێوبەی کارەبای شێخان ئەوەشی وت، “تەنیا ئەمڕۆ 400 ماڵ کارەبای نیشتمانیان لێ بڕاوە، لە قەزای شێخان دەستمان پێکردووە، بە نۆرەیە و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دهۆک لیستمان بۆ دەنێرێت”.
ئەو بەڕێوەبەرەی کارەبای شێخان دەڵێت، وەک ئاسانکاری قەرزی کارەبا دابەش دەکرێتە سەر شەش مانگ و دەتوانن بە قیست بیدەنەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای شێخان، تا ئێستا نزیکەی 500 دوکان لە ناوەندی ناحیەی قەسرۆک کارەبایان لێ بڕاوە.
ناحیەی قەسرۆک سەر بە قەزای شێخانە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 40 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی