لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی شار جێگە نەماوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، جێگە نەماوە و هەرکەس بچێت ئەگەر نەخۆشییەکەی کتوپڕیش بێت، هەر دەبێت سەرە بگرێت و مەوعیدی بۆ دادەنێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 14.8.2023، د. ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی کەمیی تەخت لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە، جێگە نەماوە و بۆ وەرگرتنی نەخۆشی نوێ دەبێت چاوەڕێی چاکبوونەوەی ئەو نەخۆشانە بکەن، کە لە ئێستادا لەو بەشە خەوێندراون.

ئێستا ئەو بەشەی نەخۆشخانەی شار تەنیا 22 تەختی هەیە، لەکاتێکدا پێویستی بە 80 تەخت هەیە، د. ئومێد عەلی وای وت.

“لە رووی توانای مرۆیی و ئامێر و توانای دەرمانەوە، تەنیا ئەوەندەمان لەبەردەستە، کە ئەو ژمارەیە لە نەخۆش وەربگرین، سلێمانی پێویستی بە 80 تەخت هەیە بۆ بەشی چاودێریی چڕ”، ئەمە قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شارە بۆ 964.

نەخۆشخانەی شار ناسراو بە نەخۆشخانە 400 قەرەوێلەییەکە، یەکێکە لە گەورەترین و فراوانترین نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی و بە پێی ئەو ئامارانەی نەخۆشخانەکە خۆی بڵاویکردتەوە هەفتانە بە نزیکەیی هەزار نەخۆشی تێدا دەبینرێت.