زیاتر لە سێ مانگە

بۆری ئاوی بەنداوی باوەشاسوار قوڕاو گرتویەتی

میلاد جەلال- گەرمیان

زیاتر لە سێ مانگە بۆری ئاوی بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری بەھۆی قوڕولیتەی بەنداوەکە گیراوە، ئەمەش گرفتی بۆ جوتیاران و دانیشتووانی قەزاکە دروستکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15.3.2026 ژمارەیەک لە چالاکوانانی قەزای کفری لە بەردەم بەنداوەکە گردبوونەوە.

غازی محەمەد، چالاکوانە و بە 964ى وت، “بۆریيەكة “ئەنتیکە” لە ساڵی 2015 جارێکیتر بەھۆی قوڕولیتە و لافاوەوە گیرا، بەڵام ئەوکات بەخێرایی تیمێ لە هەولێر ھاتن و پاکیان کردەوە”.

“لافاوەکەی ئەم دواییە قوڕ و لیتەیەکی زۆری ھێنایە بەردەم بۆریەکە و جارێکی دیکە گیرایەوە، ئەوە نزیکەی سێ مانگە گیراوە و کەس نییە ئاوڕی لێبداتەوە، ئەو ئامێرەشی کە پێویستە بھێنرێت بۆ کردنەوەی لە کوردستان نییە و دەبێت لە ناوچەکانی خوارووی عێراق بھێنرێت”، غازی محەمەد وای وت.

جەبار مەحمود، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی گەرمیان بە 964ى وت، “ھیچ ئاوێک لە دەرچەی ئەم بەنداوە دەرناچێت بەھۆی ئەو قوڕولیتەوە، دەرخستەیەکمان ئامادەکردووە و ناردوومانەتە سەرەوەی خۆمان، بۆ ئەوەی جوتیارەکان لەم ھاوینە تووشی کێشەی بێ ئاوی نەبن”.

زیاتر لە 50 جوتیار و خاوەن باخ سوود لە راڕەوی ئاوی بەنداوی باوەشاسوار وەردەگرن و زیاتر لە پێنج ھەزار داریش ھەر لە رێگەی ئەم بەنداوەوە ئاو دەدرێن، ئەگەر بۆ ئەم ھاوینە خەمیان لێنەخورێت ھەموویان وشکدەبن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا