خەڵک لە ئێستاوە دەستیکردووە بە زەخیرەکردنی نەوت
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەم گەرمای هاوینە هاوڵاتی لە ئێستاوە نەوت دەکرێت بۆ زستان، بۆ ئەمساڵ نرخی نەوت لە چاو ساڵی رابردوودا هەرزانترە.
سالار عەبدوڵا نەوت فرۆشێکە لە سلێمانی بە 964ـی وت، لە مانگی شەشەوە هاوڵاتیان دەستیان کردووە بە کڕینی نەوت، ئێستا هەر بەرمیلێک نەوت نرخی 150 هەزار دینارە.
زستانی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان گەیشتە 230 هەزار دینار، پار ئەم کاتانەش لە مانگی ئابدا بەرمیلێک نەوت نرخی نزیکەی 190 هەزار دیانار بوو، ئەو نەوتە لە ئێران و لە بەغداوە دەهات، نەوتەکەی ئێستاش هەرلە بەغداوە دێت خەڵک لێی رازیە.
جۆرێکی دیکەی نەوت هەیە لە کەرکوکەوە دێت، بەرمیلی بە 130 هەزار دینارە، بەڵام غاز دەکات و خەڵک نایکڕێت.
لەگەڵ ئەوەی گەرمایە هاوڵاتی نەوت دەکڕێت ئێستا، ترسی ئەوەیان هەیە گران ببێت لە وەرزی زستاندا، مانگی شەش ئەو نەوتە بە 120 هەزار دینار بووە، ئێستا گەیشتوەتە 150 هەزار دینار، تا نزیک ببینەوە لە زستان نرخی سەردەکەوێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی