شەوی رابردوو چی گوزەرا؟

لێدوانی کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران لەسەر گەرووی هورمز و دۆڕانەکەی نامۆ

شۆڕش قادری

کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران لێدوانی دژبەیەک لەسەر گەرووی هورمز دەدەن و نامۆ فازڵیش دۆڕا، کورت و پوخت پێتان دەڵێین شەوی رابردوو چی روویدا؟

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نەخشەیەکی گەرووی هورموزی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی “خاکی نوێی ئەمریکا”.

ترەمپ: هیچ دانوستان و گفتوگۆیەکمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران نییە و هیچ و پلان و بەرنامەیەکیشمان بۆ ئەو مەبەستە نییە.

ترەمپ: گەرووی هورمز کراوەیە و بەمنزیکانە هیچ مینێکی دەریایی نەتەقیوەتەوە.

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران: گەرووی هورمز تا هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و لابردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی وڵاتەکەمان ناکرێتەوە.

قالیباف بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێکرا.

قالیباف پێش سەردانەکەی لە فڕۆکەخانەی تاران بە رۆژنامەنووسانی وت، “پەیوەندی دوولایەنەی بەغدا و تاران رۆڵی کاریگەر و بنەڕەتی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەگێڕێت و بێ گۆمان لە داهاتوودا رێکخستنەوەیەکی نوێ لە ناوچەکە دەبینین”.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل گەورەترین بەربەستی بەردەم لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکایە.

عێراقچی: ئیسرائیلییەکان هەموو هەوڵێکیان دا لێتێگەیشتنەکە ئەنجام نەدرێت، دواتر هەوڵیان دا شکست بهێنێت و تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا بەردەوامە.

نامۆ فازڵ پاڵەوانەکەی کوردان و پیشەگەری هونەری جەنگیی تێکەڵاو  (MMA)، نەیتوانی بەرامبەر کایک بریتۆی بەڕازیلی سەرکەوتوو بێ.

نامۆ پاش سێ راوند و بە لێدانی (ناک ئاوت) بەرامبەر یاریزانە جیڕەکەی بەڕازیل دۆڕا.

پاش رووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی سلێمانی، شایی ئاوات بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی شارە گلەیی خۆی کرد و دەڵێت،” سەیفتی لە کوردستان نەک هەر گرنگی پێنادرێت، بەڵکو لایەنەکانی چێککردنەوەی سەیفتی لە حکومەت و کەرتی تایبەت دژایەتیان دەکرێت”.

شایی ئاوات: بەهۆی ئاگرەکانەوە زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دینار لە سلێمانی کەوتووە، ئەمە جگە ئەو زیانە زۆرەی کە بە ژینگە و هەوای سلێمانی کەوتووە، کە ئەگەر لایەنە مادییەکە قەرەبوو بکرێتەوە بە تێپەڕینی کات، بەڵام زیانەکانی ژینگە درێژخایەنە و قەرەبوو ناکرێتەوە”.

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی حەوت چەکدار و تی*رۆری*ستی دا*ع*شـی راگەیاند و دەڵێت، لە سنووری سلێمانی و دەورووبەری خۆیان حەشاردابوو.