دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر پاشەکەوتی موچە کۆدەبێتەوە

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵیی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند سکاڵایەک دەکات کە دوانیان تایبەتن بە پاشەکەوتی موچە و راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.

لەو سکاڵایەدا کە تایبەتە بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، داواکراوە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2020ـی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، بە نادەستوری لە قەڵەم بدات، کە تێیدا بڕیاری پاشکەوتی موچە دراوە و مافی فەرمانبەرانیش گەرەنتی بکرێت.

دادگای فیدڕاڵی، سکاڵایەکی دیکەش تاوتوێ دەکات کە لە دژی بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم تۆمارکراوە و سکاڵاکار داوا دەکات بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت.

بە پێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، دوو سکاڵای دیکەش لەلایەن نێردەی یارمەتیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە دژی وەزیری دارایی ھەرێم، بەڕێوەبەری گومرگ، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا تۆمارکراوە.

سکاڵاکار دەڵێت، ئەو چوار بەرپرسەی ھەرێم بە نایاسایی رێگریان لە دامەزراوە خێرخوازییەکەیان کردووە کەلوپەلی پزیشکی ھاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن.