لە سلێمانی دیداری ئیسماعیل خەیات ساز دەکرێت
964+
لە شاری سلێمانی دیداری هونەرمەندی شێوەکار ئیسماعیل خەیات ساز دەکرێت و خەڵاتێکی ساڵانەش بەناوی “خەیات” رادەگەیەندرێت.
دیدارەکە مانگی 10ـی ئەمساڵ دەبێت و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ دیدارەکە پێکهێناوە.
موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سەرەتای دیدارەکە بە سەردانیکردنی پیرەر دەستپێدەکات، ئەو شوێنەی ئیسماعیل خەیات لە کاتی شەڕی ناوخۆ تابلۆی لێ دروست کرد و دژی شەڕەکە وەستایەوە.
وتیشی، “ئەوکاتە پەردە لەسەر پەیکەرێکی ناوبراو لادەبرێت و دوو پانێلیش بۆ لایەنە هونەری و سیاسییەکانی ئەو هونەرمەندە رێکدەخرێن”.
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئەوەشی زیاد کرد، لەمەودوا ساڵانە ئەو دیدارە ساز دەکەن و خەڵاتێکی ساڵانەش بەناوی “خەڵاتی خەیات” دەدەن بە شێوەکارێک.