"ئیشەکەم زەحمەتە و کەمیش بووەتەوە"

دایکێکی هیلاک و بەئیرادە؛ بیست ساڵە خەریكی تەتەڵە و بێژانەوەیەوە

رازاو محەمەد – سلێمانی

پورە نەزیرە؛ دایکێکی هیلاک و بەئیرادە، بیست ساڵە خەریكی كاری تەتەڵە و بێژانەوەیەوە و لەو رێیەوە بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات.

پورە نەزیرە هەموو رۆژێک لە وڵووبەوە دەچێتە لای ئاشەكانی شاری سلێمانی لە پشتی سەعەتاکۆیی، تا ئێوارە هەرچی برنج و گەنم و نیسک و دانەوێڵەی بۆ ببەن، بە دەستە ماندووەکانی دەیبێژێتەوە و حەقی خۆی وەردەگرێت.

پورە نەزیرە بەدەم برنج بێژانەوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئیشەکەم گشتی گرانە، 100 کیلۆ بە پێنج هەزار دینار دەبێژمەوە و پاکی دەکەم، تا سێ رۆژ ئیشم هەیە، سێ رۆژ نیمە”.

وەک خۆی دەڵێت، پێشتر 70 بۆ 80 ژن بوون پێکەوە ئەو کارەیان کردووە، بەڵام لەبەر کەمبوونەوە و زەحمەتییەکانی ئیشەکە، بەتەنیا ماوەتەوە و لە هەر کوێیەک پێی بڵێن، بەدڵ و گیانەوە  دەڕوات و کارەکەیان بۆ دەکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری