هەزاران هەژماری بانکی سڕانەوە
نۆ کەس لەسەر بە قاچاخ بردنی دۆلار بۆ دەرەوە دەستگیرکران
964+
فەرمان سادق
وەزارەتی دارایی عێراق هەزاران هەژماری بانکی دەسڕێتەوە و دەزگای هەواڵگریش نۆ تۆمەتباری دەستگیرکرد بە تۆمەتی حەواڵەکردن و بە قاچاغ بردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات.
ئاژانسی هەواڵگری عێراقی، دەستگیرکردنی نۆ کەسی راگەیاند کە کاریان حەواڵەکردن و بە قاچاغ بردنی دۆلار بووە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەو نۆ کەسە لە بەغدا دەستگیرکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، سڕینەوەی هەزاران هەژماری بانکی راگەیاند کە هیچ بڕە پارەیەکی تێدا نەبووە.
ئاژانسی هەواڵگری لە راگەیەندروێکدا دەڵێت، دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری ورد لەسەر ئەو نۆ کەسە کە تێوەگلاون لە بردنە دەرەوەی دۆلار لە رێگەی حەواڵە بە رێکاری نا یاسایی و بێ وەرگرتنی رەزامەندی بانکی ناوەندی، دەستگیرکراون.
دەشڵێت؛ لەکاتی دەستگیرکردنیان بڕێک دۆلار و پارەی عێراقییان پێ بووە و لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا دانیان بە تاوانەکانیان ناوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سڕینەوەی هەزاران هەژماری بانکی ئاشکراکرد کە هیچ بڕە پارەیەکی تێدا نەبووە.