کارەبای رەئیسی نەما
هاوڵاتیانی هەولێری پایتەخت لەبەر کارەبای مۆلیدەدا شەو بەسەردەبەن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دوای کەمکردنەوەی کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، لە هەولێری پایتەخت مۆلیدەکان هەڵکرانەوە و هاوڵاتیان لەبەر کارەبای مۆلیدە شەو بەسەردەبەن.
پەیامنێری 964 چووەتە گەڕەکی نەورۆزی هەولێر و لە وەزعی کارەبای پرسیوە، خۆران خۆرانی سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە 964ـی وت، “مۆلیدە هەموو گەڕەکەکان هەڵکراونەتەوە، جگە لە مۆلیدەی گوندی براغ کە کێشەی هەیە، کێشەکەی چارەسەر ببێ، ئەویش دەست بەئیشکردن دەکاتەوە”.
مۆلیدەکانی هەولێر لە کاتژمێر 1ـی نیوەڕۆ بۆ 1ـی نیوەشەو و کاتژمێر 7ـی بەرەبەیان تا 9ـی بەیانی کاریان پێدەکرێت، ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبوو.
سەبارەت بە نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە ئێستادا، خۆران خۆرانی وتی، هێشتا نرخەکەیان دیاری نەکردووە و چاوەڕێی بڕیاری پارێزگار و قایمقامیەتی هەولێرن.
درەنگانی شەوی رابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و تەقینەوەیەکی گەورە روویدا، دوای ئەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راوەستا و کارەبای نیشتمانی ناوچەکانی کوردستانیش بۆ چەند سەعاتێکی رۆژانە کەمکرایەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری