دیمەنی چەند شوقەیەک لە گۆیژە ستی .وێنە:964
8 کاتژمێرە 1000 ماڵی شوقەکانی گۆیژە سیتی بێ ئاون
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دانیشتووانی شوقەکانی گۆیژە سیتی بێ ئاون، کۆمپانیای خزمەتگوزاریش دەڵێت، ئەمشەو کێشەکەیان چارەسەر دەکەین.
دانیشتووانی شوقەکانی گۆیژە سیتی 3، سەرووی هەزار ماڵ دەبن و ئەو پڕۆژەیە کەوتووەتە بناری چیای گۆیژە لەسەر شەقامی 60 مەترییەکەی سلێمانی.
دانا عادل، دانیشتوویەکی پڕۆژەی گۆیژە سیتی 3ـیە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هەموو ماڵەکان بێ ئاو دانیشتوون و چاوەڕێی گەڕانەوەی ئاون، تا ئێستا کە کاتژمێر 11ـی شەوە، ئاو نەهاتۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی 964، هۆکاری نەمانی ئاوی پڕۆژەکە بۆ شکانی بۆری سەرەکی ئاوی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمپانیای خزمەتگوازی پڕۆژەکە بە مەرجی ئەوەی ناوەکەی بڵاو نەکرێتەوە، بە 964ـی وت، بۆڕییە شکاوەکە چاک کراوەتەوە و بەرپرسانی ئاوی سلێمانی بە ئێمەیان وتووە کاتژمێر 12ـی ئەمشەو، بۆڕییەکان پڕ ئاو دەبن و ئاو دەگات بە دانیشتووانی گۆیژە سیتی 3.
وتیشی “ئێستا بە تانکەر ئاو دەخرێتەوە خەزانەکانی ئاوی پڕۆژەکە تاوەکو ئاوی نیشتمانی دەگەڕێتەوە”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق