لە چوارتا دەیان بینی

کاروان بەژن و ماڵ و منداڵەوە سەرقاڵی پەیداكردنی بژێوین

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

خێزانێكی جوانی چوارتای شارباژێڕ، نزیكەی پێنج مانگە لە ژێر ساباتێك و لەخوار ماڵەكەی خۆیاندا سەرقاڵی دروستكردنی كولێرەی گەرمن و بژێوی ژیانیانی لەسەر پەیدا دەكەن.

پیشەكەیان دابەشكردووە، دایك و باوكەكە سەرقاڵی كولێرە دروست كردنن و لەپاڵیدا ماست و پەنیریش پێشكەش دەكەن، كوڕە بچوكی ماڵیش بووەتە چایچییان و كچۆڵەكانیشی خەریكی دروستكردن و فرۆشتنی موتو مورون، خەڵكی ناوچەكە و گەشتیار و رێبوارانیش روویان تێدەكەن و نان و چاییان لا دەخۆن.

كاروان لەتیف، خاوەنی ساباتەكەیە و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانمان ئیشەكەمان هەڵبژاردووە و بەیەكەوە بە خێزانی كارەكە تەواو دەكەین، خەڵكی پێشوازیەكی باشمان لێ دەكەن و كارەكەیان بەلاوە پەسەندە، بەكارەكەش بژێوی ژیانمانی پێ دابین دەكەین.

ژینۆ محەمەدی هاوسەریشی كە خوێندكاری بەشی راگەیاندنە و بە 964ی وت، ئێستا ژیان قورسە و پێویستی بە هەوڵ و هاوكاریكردنی یەكترییە، لەپاڵ خوێندنەكەم بەیانیان زوو هەڵساوم هەویرەكەم شێلاوە و دواتر رۆشتووم بەرەو سلێمانی بۆ خوێندنەكەم، لەگەڵ هاوسەرەكەم پاڵپشتی یەكترین، ئەگەر وا نەكەین ژیانیش ناڕوات.

كاسیا كاروان، كچی گەورەی ماڵە و بە 964ی وت، خۆمان لە متو مورووەكە بازن و دەستەوانە دروست دەكەین و بە هەزار تاوەكو هەزار و پێنج سەد دینار دەیفرۆشین، ئامانجیشمان لەهاوكاریكردنی دایك و باوكمانە بۆئەوەی شوێنی ئیشەكەمان بكەین بە دوكانێكی چاك و فراوانی بكەین.

كەسان كاروانیش چایچیەتی بۆ باوكی دەكات و بە 964ی وت، چایەكە لێزانینی دەوێت و ئێستا باش شارەزابووم و خەڵكی چایەكەیان بەدڵە، سەرەتا قورس بوو شەرمم كردووە لەكارەكە، بەڵام ئێستا وایلێهاتووە هەمووی دەمناسن و بەشێك لەخەڵكی لەبەر من دێنە شوێنەكە و سوپاسی دایك و باوكیشم دەكەم هەمیشە لە ئیشەكە هاوكارم بوون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا