بەرگی پاسپۆرتی نوێی ئەلیکترۆنی - وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق
66 هەزاری بۆ کۆمپانیایە
چوار لیژنە لە هۆکاری گرانی رسوماتی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی دەکۆڵنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
چوار لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راسپێردراون لە هۆکاری گرانی رسوماتی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی بکۆڵنەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە 12.8.2023ـی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و دارایی ئەو بڕیارە دراوە.
پێشتر بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت چەکێکی 25 هەزار دیناری پێویست بوو، بەڵام بۆ پاسپۆرتی ئەلکترۆنی بووە بە 91 هەزار دینار.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، بەپێی یاسا داهاتی وەزارەتی ناوخۆ داهاتێکی ئیتیحادییە و لە کاتی زیادکردن یان کەمکردندا پێویستە بە یاسا بکرێت.
وتیشی، “لەو پارەیە ئێستاش تەنیا 25 هەزار دیناری بۆ وەزارەتی ناوخۆیە و 66 هەزار دینارەکەی دیکە بۆ کۆمپانیا دەچێت”.
964 زانیویەتی، هەریەکە لە لیژنەکانی؛ یاسا، ناوخۆ، دارایی و ئاسایش و ناوخۆ بە جیا لەو پرسە دەکۆڵنەوە.