لۆگۆی کۆمپانیای ئاسیا سێل
ئاسیا سێل؛ شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناڵپارێز بۆردوومانكرا كارمەندی ئێمە بوو
964+
فەرمان سادق
کۆمپانیای ئاسیا سێل لەسەر بۆرومانی ئۆتۆمبێلەکەی ناڵپارێز لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت؛ شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناڵپارێز بۆردوومانكرا كارمەندی ئێمە بوو.
رووداوەکە دوێنێ هەینی روویدا کە بەهۆی بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێک لە ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
کەمێک پێش ئێستا ئاسیا سێل لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە فەرمانبەری ئاسیا سێل بوو لە پارێزگای موسڵ.
روونیشی دەکاتەوە کە (ح. ئـ. ک.) کەسێکی عەرەبی موسڵە و بۆ سەردانی کچەکەی هاتووەتە سنووری باشماخ کە خوێندكارە لە كۆلیژی پزیشكی شاری سنە، تاوەکو بیهێنێتەوە بۆ موسڵ.
دەشڵێت: دوو كەسەكەی تریان باوك و كچێك بوون بەناوی (ز. م. خ.) و كچەكەی لە دایكبووی 2006ـە و دانیشتووی رەشیدیەی موسڵە، بۆ هەمان مەبەستی (ح. ك.) كە دراوسێیان بووە بۆ هێنانەوەی كچەكەیان بۆ موسڵ.
“ئەمانە هەموویان بەهۆی باری نا هێمنی لە موسڵدا هاتبوونە دهۆك، هەمووشیان عەرەبی موسڵن، بەداخەوە ئەم هێرشە كۆتایی بە ژیانیان هێنا”. لە راگەیەندراوەکەی ئاسیا سێل هاتووە.
روونکردنەوەکەی ئاسیا سێل لە کاتێکدایە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 964 زانیاری وردی لەبارەی ناوی ئەو کەسانە و کاریانی بڵاوکردەوە کە کارمەندێکی کۆمپانیای ئاسیا سێل بووە.
دوێنێ هەینی، هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن بە 964ـی وت، هێرشەکە لە کاتژمێر 4ـی پاشنیوەڕۆ لە ملەی نەڵمە روویداوە، ئۆتۆمبێلەکە سێ سەرنشینی تیادا بووە و هەرسێکیان سووتاون.
964 زانیویەتی، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری کامری بووە.
تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، ئەوە چوارەم هێرشی درۆنیە بۆ سەر چوار ئۆتۆمبێل لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 10 کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.