سەرۆکی هەنگاریا عێراق وەکو وڵاتێکی جەنگیی نیشاندەدات

+964
بڵند عوسمان – هەولێر

دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، سەرۆکی هەنگاریا ڤیدیۆیەکی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا عێراق وەکو “وڵاتێک کە جەنگی تێدایە” نیشاندەدات.

کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لە ٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان، دواتر سەردانی بەغدا و ناوچە مەسیحی نشینەکانی پارێزگای هەولێر و دەشتی نەینەوای کرد.

لەو ڤیدیۆیەی کە بڵاویکردووەتەوە، زیاتر وێنەی سەربازی و ناسەقامگیری بەدی دەکرێت لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە ڤیدیۆکەدا، ئەگەرچی دیمەنی کۆبوونەوەکانی و سەمای منداڵانی تێدایە لە قوتابخانە، بەڵام تەرکیزیش خراوەتە سەر وێنەی سەرباز و تەلبەند و دیواری کۆنکرێتی.

ئەو سەرۆکە لە تویتەر و لەسەر ڤیدیۆکەی نوسیویەتی، “یەکەم سەردانی سەرۆکێکی هەنگاری بۆ عێراق”، ئەوەی وەکو دەستکەوتێک دەربڕیوە، وەک ئەوەی بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بڵێت، “عێراق وڵاتێکی ناسەقامگیرە و ئەم ئازایانە سەردانی کردووە”.
کاتالین نۆڤاک له‌ ١٠ی ئازاری ٢٠٢٢، وه‌ك یه‌كه‌م ژن له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌، به‌ سه‌رۆكی هه‌نگاریا هه‌ڵبژێردرا.

ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی ٩ لەسەر ١٠ی ئەم مانگە، ئەو سەرۆکە لە هۆتێل دیڤانی شاری هەولێر خەوت، بەوەش بووە دووەمین سەرۆکی وڵاتانی جیهان کە لە هەرێمی کوردستان شەوێک بخەوێت، بۆ بەیانییەکەیشی لە پارکی سامی عەبدولرەحمانی ئەو شارە پیاسەی کردبوو.

لە ئابی ٢٠٢١، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، وەکو یەکەم سەرۆکی وڵاتان لە هەولێر خەوت.