کەرکوک
ئەندەرپاسی ئیخوان ئەمڕۆ قیرتاو دەکرێت
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەندەرپاسی ئیخوان لە کەرکوک دوای تێپەڕاندنی رەخنەکان و راوەستانی کارەکانی، ئەمڕۆ قیرتاو دەکرێت، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوکیش دەڵێت، دوای سەری ساڵ دەست بە قیرتاوکردنی بەشی قەرەهەنجیر – چەمچەماڵیش دەکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی لە ئاست خواستیاندا نییە.
رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک، بە 964ـی راگەیاند: “کەس لەگەڵ دروستکردنی ئەندەرپاسی ئیخوان نەبوو و دەیانوت سەرناگرێت، بەڵام ئەوە ئێستا کۆتایی پێهات و بووە یەکێک لەو پڕۆژانەی دەبێتە جێگای شانازی بۆ ئێمە و دانیشتووانی کەرکوک”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە پڕۆژەکە ماوەیەک بەهۆی نەبوونی بودجەوە راوەستابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵێندەرەکە کەرکوکی بوو، قسەیان لەگەڵدا کردووە و دەستی بە کارکردن کردووەتەوە و ئەمڕۆ قیرتاو دەکرێت.
سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای کەرکوک – چەمچەماڵ، رێبوار تەها وتی، “پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای کەرکوک بۆ چەمچەماڵ بەهۆی نەبوونی بودجەوە راوەستابوو، بەڵام بەڵێندەرەکەمان هێنایەوە و ئێستا سەرقاڵی کۆنکرێتکردنی رێگای بارهەڵگرەکان و شۆستەکانە”.
روونیشیکردەوە، لە دوای سەری ساڵ دەچنە ئەو دیوی قەرەهەنجیر بەرەو چەمچەماڵ، بۆ ئەوەی لەگەڵ کەمێک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەست بە قیرتاوکردنی رێگاکە بکەن.
لەبارەی راوەستانی زیاتر لە 400 پڕۆژە لە کەرکوک، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک بۆ 964 ئاشکراى کرد کە بەغدا بڕێک پارەی بۆ کەرکوک ناردووە، بەڵام جێگای تموحی ئەوان نییە، ئەوەش دۆخی هەموو عێراق وایە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕىبە بەڵێندەرەکان هەیە کە بەبێ وەرگرتنی سولفەی بودجەی پڕۆژەکان کار دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح