166 بنکەی تەندروستی داخراون


دیلان محەمەد جەزا

ماوەی دوو مانگە بنکە تەندروستییەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەرامبەر بڕینی دەرماڵەی پایە.

هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە 964 وت، لە پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە 166 بنکەی تەندروستی داخراون، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەڵامی داواکاری کارمەندانیان نەداوەتەوە.

وتیشی، ماوەی دوو مانگە دەرماڵەی پایەی کارمەندانی بنکە تەندروستییەکانی دەرەوەی شارەکان بڕدراوە، بەڵام لە هەریەکە لە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و شارەکانی دیکە دەرماڵەی پایە خەرج دەکرێت.

“بەهۆی نەمانی کارمەند لە بنکە تەندروستییەکاندا، تەنیا یەک کارمەند کاریان تێدا دەکات و ئەو کارمەندە ئەرکی پاراستنی کەلوپەل وسەرجەم کارەکانی ئەو بنکەیە دەگرێتە ئەستۆ”، هاوژین عوسمان وا دەڵێت.

دەرماڵەی پایە، ئەو بڕە پارەیە دەدرێت بە بەڕێوەبەری بنکە تەندروستییەکان کە رێژەکەی 20%ـی موچەی بنەڕەتییە و دەچێتە سەر موچەی ئەو پزیشکە یان کارمەندە تەندروستییەی کە ئەو پۆستە وەردەگرێت.

سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی رابردوودا لە هەریەک لەو بنکانە، نزیکەی 10 کارمەند کاریان کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراندنەوە ئێستا ژمارەکە بۆ یەک کارمەند کەمبووەتەوە، بە دەگمەن بنکە هەیە دوو کارمەندی هەبێت.

ئێستا لەو گوندانەی بنکەکانی لێیە، خزمەتگوزاری تەندروستیی نییە، هاوڵاتی بۆ چارەسەر دەبێت سەردانی شارەکان بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا