نرخی شیشی هاوردە لە بازاڕەکانی هەرێم گران بووە

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

نرخی شیشی هاوردە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر تۆنێکی 30 دۆلاری چووەتە سەر، تۆنی لە 580 دۆلارەوە بووە بە 610 دۆلار.

لە هەرێمی کوردستان جگە لە شیشی ناوخۆ، شیشی سعودی، تورکی و ئێرانی بوونیان هەیە.

رێباز عومەر، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە گرووپی کۆمپانیاکانی بێستوون بۆ شیش و چیمەنتۆ بە 964ی راگەیاند، هۆکاری ئەو گرانبوونە زیادبوونی گومرگە لەسەر شیشی هاوردە.

وتیشی، “پیشتر تۆنێک شیشی هاوردە بە 580 دۆلار بوو دواتر هەتا 650 دۆلاریش بەرز بووەوە، بەڵام ئەم هەفتەیە نرخەکەی هاتەوە خوارەوە بۆ 610 دۆلار”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 16.7.2023 بڕیاریدا بە زیادکردنی 30٪ی باجی گومرگی لەسەر شیشی هاوردە.

سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆش رێباز عومەر دەڵێت، نرخی تۆنێک شیشی ناوخۆ بە پێی کوالێتی لەنێوان 665 بۆ 780 دۆلاردایە.

لە هەرێمی کوردستان 10 کارگەی بەرهەمهێنانی شیش هەن و بەرهەمی ساڵانەیان زیاترە لە سێ ملیۆن تۆن، ئەمەش لەکاتێکدایە پێویستی ناوخۆ کەمترە لە 800 هەزار تۆنی ساڵانە و ئەوەی دیکەی رەوانەی ناوەراست و باشووری عێراق دەکرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی