تایکواندۆی سلێمانی هەڵبژاردەی خۆی دەستنیشانکرد

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

بە مەبەستی دەستنیشانکردنی یاریزانان بۆ ریزی هەڵبژاردەی سلێمانی، پاڵەوانیەتیی تایکواندۆی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

“لەم ساڵدا ئەمە یەکەم چالاکیی یاریی تایکواندۆیە، کە تایبەتە بە ئاستی بێچووەشێران و تازەپێگەیشتووانی کوڕان و کچانی سنوری پارێزگای سلێمانی”، بەختیار حوسێن جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کوردستان وای وت.

وتیشی، ئەم پاڵەوانیه‌تییە بۆ دەستنیشانکردنی پاڵەوانانە بۆ ریزی هەردوو ئاستی هەڵبژاردەی سلێمانی بۆ خول و پاڵەوانیه‌تییەکانی عێراق.

لە پاڵەوانیه‌تییەدا 70 یاریزان کە نوێنەرایەتی 9 یانە و رێکخراویان دەکرد بەشداریان کردبوو، یاریزانان لەسەر 10 کێشی جیاواز رکابەریان دەکرد، دوای بەڕێوەچوونی رکابەرییەکانیش لەسەر ئاستی بێچووەشێرانی کچان، یانەی ئافرۆدێت پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و یانەی پێشمەرگە و فێرگەی پشتیوان پلەکانی دووەم و سێیەمیان مسۆگەر کرد.

هه‌روه‌ها لەسەر ئاستی بێچووەشێرانی کوڕانیش، فێرگەی چەمچەماڵ پلەی یەکەمی دەستەبەرکرد و یانەکانی سلێمانی و رانیەش پلەکانی دووەم و سێیه‌م.

لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووانی کچانیشدا، رێکخراوی ڤیم پلەی یەکەمی بردەوە و یانەی ئافرۆدێت و کۆمەڵگەی وەرزشی ئێم کۆمپلێکس پلەکانی دووەم و سێیەمیان برده‌وه‌.

بۆ تازەپێگەیشتووانی کوڕان، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و یانەکانی رانیە و سەرچنار پلەکانی دووەم و سێیەمیان دەستەبەرکرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا