بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی داخراوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی ماوەی مانگ و نیوێکە داخراوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت حکومەتی هەرێم گرێبەستی پەرستارەکانی نوێنەکردووەتەوە بۆیە ئەو بەشە بێ کارمەند ماوەتەوە و داخراوە.

پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان بە 964+ی وت، “لە بەشی چاودێری چڕ ٢٥ پەرستارمان هەبوو کە لە سەردەمی کۆرۆنا وەک گرێبەست دامەزرابوون، بەڵام بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکانیان ١٩ پەرستار مانیان گرتووە و نایەنەوە بۆ دەوام”.

تەنیا شەش پەرستاری بەشەکە دەوام دەکەن، ئەوانیش بەهۆی کەمی کارمەندی تەندروستی براونەتە بەشی فریاکەوتنی خێرا، بە وتەی پشدەر عەبدوڵا.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی مانگی رابردوو ٢٣ هەزار و ٤٣٠ منداڵ لە نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان چارەسەریان وەرگرتووە.