دیمەنی بەشێک لە خۆپیشاندەران لەسەر رێگایەکی سەرەکی خانەقین . وێنە:964
بێ کارەبایی خانەقینی ھێنایە سەر شەقام
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی قەزای خانەقین بەھۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی ھاتوونەتە سەر شەقام و لەسەر رێگەی گوندی مێخاس – خانەقین گردبوونەتەوە.
لە شەو و ڕۆژێکدا ماوەی 5 تا6 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان پێدەدرێت.
ئەمیر خانەقینی، چالاکوانێکی قەزاکەیە و بە 964ى وت، “ماوەی ھەفتەیەکە کارەبای نیشتمانی لە خانەقین کەمبووەتەوە، بەم گەرمایە بەرگەی بێ کارەبایی ناگرین بۆیە لە شەوی رابردووەوە دەستمان بە گردبوونەوە کردووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە و ئەوان دەیانەوێت تەنیا کارەبای قەزاکەیان بگەڕێتەوە
کارەبای نیشتمانی لە قەزای خانەقین پێشتر لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە دابین دەکرا، بەڵام ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە کارەباکەیان بڕدراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا