لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی 9000 یەکە نیشتەجێبوونەکە کاراکرا

964+

توانا نەقی

کەمێک پێش ئێستا لینکی فۆڕمی دابەشکردنی 9000 یەکەی نیشتەجێبوونەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کارا کرا.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن فۆڕمی دابەشکردنی ئەو شوقانەی راگەیاند کە پێش قەیرانی دارایی بۆ کەمدەرامەتەکان دەستکرا بە دروستکردنیان.

ئەمڕۆ سێشەممە 8.8.2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە رێورەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون و کاراکردنی فۆرمەکە بەشێوەی ئۆنلاین و وردەکاری پرۆسەکە، بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت راگەیاند.

964 دەزانێت، ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لە کابینەکانی پێشووتر بڕیاری دروستکردنیان دراوە و بەشێکیان 25% بۆ 75%ـی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کە دوای 2016 هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کارکردن تێیاندا وەستا.

ئارێز محەمەد، راوێژکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون بە 964ـی وت، ئەو نۆ هەزار یەکە نیشتەجێبوونە تەنیا لە یەک شاردا نییە، بەڵکو دابەشکراوە بەسەر هەموو پارێزگاکان، لە قۆناغی یەکەمدا فۆڕمەکە بڵاودەکرێتەوە و پاشان ئەگەر بودجە لە بەغداوە هات، هەوڵی تەواوکردن و دابەشکردنی بەسەر کەمدەرامەتەکان دەدرێت.

ئارێز محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو پڕۆژەیە هیچ پەیوەندی بەو 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونە نییە کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری لێدراوە بۆ دروستکردن و دابەشکردنی بەسەر کەمدەرامەت و کرێنشینان.

لەم لینکەوە دەتوانیت فۆرمەکە پڕبکەیتەوە.