دیمەنی دەست بەسەرداگرتنی ئاژەڵ لە کۆڵانەکانی سۆران .وێنە: ئەرشیڤی 964
ئاگاتان لە ئاژەڵەکانتان بێت شارەوانی دەیبات
ئاسۆ وەرتی ــ سۆران
لیژنەی زیادەڕۆی شارەوانی سۆران دەستیانکردووە بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵی ناو گەڕەکەکان کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەخێو دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.8.2023، شارەوانی سۆران لە گەڕەکی ئەسقەلا هەڵمەتەکەی دەستپێکرد و بڕیارە تەواوی سەنتەری قەزای سۆران بگرێتەوە.
سیاج و هۆڵی ئەو ئاژەڵانەی لەناو کۆڵانەکانی سەنتەری قەزای سۆران بەخێودەکرێن لەلایەن لیژنەکەوە دەستکرا بە تێکدانیان و بردنی ئاژەڵەکان.
پێش هەڵمەتەکە، چەندینجار شاروانی سۆران لە رێگەی مزگەوت و نامەی ئاگادارکردنەوە، خاوەنی ئاژەڵەکانی لە سکاڵای خەڵکی ئاگادار کردووەتەوە.
سەوری شکوری خەمۆ، بەرپرسی زیادەڕۆییەکانی شارەوانی سۆران بە 964ـی وت “دوو هەفتەیە خاوەن ئاژەڵەکان ئاگادارکراونەتەوە لە هەڵمەتەکە کە نابێت ئاژەڵ لەناوشار بەخێو بکەن، بەڵام ئەوان گوێیان پێنەدا و ئەمڕۆ لیژنەکە دەستیان بە تێکدان و دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵەکان”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق