داوای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کێک و شەربەت دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی حکومەتی عێراق هەموو جۆرەکانی کێک، شەربەت و شیرینی لە لیستی هاوردەکراوەکاندا لابرد، داوا دەکات هاوردەکردنی ئەو جۆرە خواردن و خواردنەوانە بۆ ماوەی یەک ساڵ قەدەغە بکرێت.

رۆژی دووشەممە 7.8.2023، ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ئەم بڕیارەی دەرکردووە و بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە.

“لە ماوەی یەک ساڵدا، لەلایەن بەشی گەشەپێدانی پیشەسازی و رێکخستنەوە لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە تا چەند بازاڕی ناوخۆیی کاریگەری ئەم لابردنەی لەسەر بووە، بە شێوەیەکی نەرێنی یان ئەرێنی”، ئەمە بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە کە لە فەیسبوکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8.8.2023، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و هەناردەکاران بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێت، کۆدی ئەو جۆرە خواردن و خواردنەوانە لە گومرگ نامێنن و دەبێت رێگری بکرێت لە هاوردەکردنیان.

وتیشی، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە بەدەست ئەوان نەگەیشتووە، “بەڵام دەزانین کە بڕیارەکە هەیە و ئێمە پێمان باشە و دەبێتە هۆی پاراستنی بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ”.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هەروا ئاسان نییە، دەبێت سەرەتا دیراسە بکرێت کە ئایا چەند کارگەی دروستکردنی کێک و شەربەت و شیرینی هەیە و خواست چەندە لەسەر ئەو خواردن و خواردنەوانە.

وتیشی، “ئەگەر ئەو بڕیارە بە ئێمە بگات دەبێت بزانین کە نابێتە هۆی گرانی، ئینجا بڕیار دەدەین لە پەسەندکردنی”.