نوقڵە خورماکەی خانەقین کەوتە بازاڕەوە
964+
زینوێ حەسەن
خورما رەق و شیرین و تامدارەکەی خانەقین پێگەیشتووە و بەهۆی زۆری خواستەوە لە بازاڕەکاندا بەرناکەوێت.
بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە خورمای دەقەڵ لە سەرەتای مانگی هەشتەوە پێدەگات و تا بازاڕەکانی بەدرە و جەسان دەڕوات.
داری ئەم جۆرە خورمایە بە زۆری لە قەزای خانەقین و مەندەلی بوونی هەیە و بەهۆی تام و چێژەکەیەوە خواستی زۆری لەسەرە.
جاوید بەگ، کە خاوەنی زیاتر لە هەزار دارخورمایە لە قەزای خانەقین بە 964ـی وت، خورمای دەقەڵ پێویستی بە گەرمای 48 بۆ 50 پلەی سیلیزی هەیە بۆ پێگەیشتن.
ئەو نیگەرانە لەوەی کە زۆربەی دارەکانی ئەو جۆرە خورمایە بەهۆی کەمئاوی و گرنگی پێنەدانی حکومەت بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرەو لەناوچوون دەچن.
نرخی هەر کیلۆیەک لە خورمای دەقەڵ لە سەرەتای پێگەیشتندا دەگاتە حەوت هەزار دینار لە نزیکی مانگی 10دا نرخەکەی دادەبەزێت بۆ کەمتر لە چوار هەزار دینار.