ئاگره‌كه‌ چووه‌ته‌ ناو كێڵه‌ى مین

تا ئێستا ئاگره‌كه‌ى گۆمى فێڵاو كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌

964+
ئاسۆ وه‌رتى – چۆمان

بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە دەروبەری گۆمی فێڵاو لەسنوری چۆمان کەوتووەتەوە ، تاکو ئێستا بەردەوامه ئاگرەکە بەشێوەیەک بەرفراوان بووە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بووە.

گۆمی فێڵاو، ناوچەیەکی گەشتیارییە دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمان، دەوروبەری هەموو دار و پووش و پاوانی زۆری لێیە.

سێ تیمی بەرگری شارستانی و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

رەوەند هاودیانی، وته‌بێژی بەرگری شارستانی سۆران بە964ـی وت “لە کاتژمێر 1:00 نیوەڕۆوە ئاگرێک له گۆمی فێڵاو و گوندی ئێنێ کەوتووەتەوە تاکو ئێستا نەمانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەین”.

باس له‌وه‌ده‌كات، بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە بەرفراوان بووە، چووەتە ناو ناوچەی مینڕێژکراو بۆیە کارمەندانیان ناتوانن له ئاگرەکە نزیک ببنەوە.

تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى، چاوەڕێن ئاگرەکه لەسنوری مینەکان بێته‌دەره‌وە، بۆئەوەی کونترۆڵی بکەن و نەگاتە سنوری گوندەکان .

لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش وتی “تاوه‌کو ئێستا نازانین هۆکاری کەوتنەوەی چیە، دوایی کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەنجامی لێکوڵینەوە زەره‌رو زیانەکان رادەگەیه‌نن”.

ئەمساڵ جاری دوومە ئاگر لەو شوێنە ده‌كه‌وێتەوە ، بەڵام جاری پێشوو بەهاوکاری دانیشتوانی ناوچەکە زوو کۆنترۆڵ كرا .

پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن