یەکەیەکی نیشتەجێبوون وێنە:964+
9004 شوقە بەسەر کەمدەرامەتان دابەشدەکرێت
964+
فەرمان سادق
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن فۆڕمی دابەشکردنی ئەو شوقانە رادەگەیەنێت کە پێش قەیرانی دارایی بۆ کەمدەرامەتەکان دەستکرا بە دروستکردنیان.
بڕیارە سبەی سێشەممە 8.8.2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە رێورەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون و کاراکردنی فۆرمەکە بەشێوەی ئۆنلاین و وردەکاری پرۆسەکە، بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت رابگەیەندرێت.
رێورەسمەکە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ نۆ هەزار و چوار شوقە ئەنجامدەدرێت.
964 دەزانێت، ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لە کابینەکانی پێشووتر بڕیاری دروستکردنیان دراوە و بەشێکیان 25% بۆ 75%ـی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کە دوای 2016 هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کارکردن تێیاندا وەستا.
ئارێز محەمەد، راوێژکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون بە 964ـی وت، ئەو نۆ هەزار و چوار یەکە نیشتەجێبوونە تەنیا لە یەک شاردا نییە، بەڵکو دابەشکراوە بەسەر هەموو پارێزگاکان، لە قۆناغی یەکەمدا فۆڕمەکە بڵاودەکرێتەوە و پاشان ئەگەر بودجە لە بەغداوە هات، هەوڵی تەواوکردن و دابەشکردنی بەسەر کەمدەرامەتەکان دەدرێت.
زیاتر وتیشی “سبەی تەنیا فۆڕمەکە بڵاودەکرێتەوە و مەرجە ئەو کەسانەی پڕی دەکەنەوە خاوەن خانووی خۆیان نەبێت، دواتر بەشێوەی ئۆنڵاین و لەسەر بنەمای خاڵ ئەو نۆ هەزار و چوار کەمدەرامەتە هەڵدەبژێردرێت و بۆ دڵنیابوونەوەش لە شایستەبوونیان لیژنەیەک پێداچوونەوەی پێدەکات”.
ئارێز محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو پڕۆژەیە هیچ پەیوەندی بەو 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونە نییە کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری لێدراوە بۆ دروستکردن و دابەشکردنی بەسەر کەمدەرامەت و کرێنشینان.