دیمەنێک لە گوندی رەشکین. وێنە سۆشیال میدی
ئاخیر گوندی سنووری شارەوانی هەولێر تێکدرا
964+
فەرمان سادق
شۆفڵ و بلدۆزەر کەوتوونەتە گیانی خانووەکانی گوندی رەشکین، ئەمەش دوای چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی پاش وەرگرتنی قەرەبوو.
گوندی رەشکین، یەکێکە لەو گوندانەی دوای فراوانبوونی سنووری پارێزگای هەولێر کەوتە سنووری شارەوانی شەش لەنێوان هەردوو شەقامی بازنەیی 100 مەتری و 120 مەتری.
گوندەکە ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 50 ماڵ دەبێت، کۆی زەوییەکەی 95 دۆنمی موڵکە.
لە دوێنێوە دەستکراوە بە تێکدانی خانووەکان ئەمەش دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو، غەتاسی بیری ئاوی گوندەکە و محاویلەی کارەبای گوندەکە لەلایەن تیمێکی حکومەتەوە بە پاڵپشتی هێزەکانی زێرەڤانی و ئاسایش و پۆلیس هەڵگیرا بوون.
نەبەز خەسرەو، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکەیە بە 964ـی وت، دوو رۆژە دەستکراوە بە تێکدانی گوندەکەمان، دوای ئەوەی بە ناچاری پێیان چۆڵ کردین بێ ئەوەی هێشتا ئەو پارچە زەویانەی لە 32ـی پارک و پشتەوەی تێرمیناڵی هەولێر وەک قەرەبوو پێماندراوە، لەسەرمان تاپۆ بکرێت.
لە 19.5.2023، لەناو بینای پارێزگای هەولێر تیروپشکی پێدانی زەوی قەرەبوو بۆ دانیشتووانی گوندەکە ئەنجامدرا، بەڵام بە قسەی دانیشتووانی گوندەکە هێشتا زەوییەکانیان بۆ تاپۆ نەکراوە.