دواى پاره و ئاڵتون داواى شتى نه‌شیاویشان لێكراوه
“سناپچات ماڵێکی وێرانکاره بۆ ژنان و كچان”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بڵاویكردووته‌وه، كه ئه‌پڵیكه‌یشنى سناپچات وێرانكه‌ره بۆ تاكى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، بۆ ئه‌مه‌ش باس له نموونه‌ى چه‌ند كه‌یسێك ده‌كات كه سه‌ردانیان كردوون.
سەردار لەتیف، ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی خێزانی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بۆ 964، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى باسكرد كه به‌هۆیه‌وه تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌تیش كچان و ژنانى پێوه گیرۆده بوونه.
ده‌ڵێت “لە دوو هەفتەی رابردوو چەند کەیسێکم بینیوە کە زۆرێک لە ژنان و کچان بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆیان بزانن یان نا، بێ ئاگاداری خۆیان، وێنەکانیان کەوتۆتە دەست ئەو کەس و گروپانەى ناو سناپچات كه بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌ت ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنه به‌كاردێنن”.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات ئه‌و كه‌س و گروپانه، هەڕەشەیان له ژماره‌یه‌ك ژنان و كچان كردووه، داواى پارە و ئاڵتونیان لێكردوون، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى وێنه‌كانیان بڵاونه‌كرێته‌وه.
باس له‌وه‌ده‌كات، دواى وه‌رگرتنى پاره‌و ئاڵتوون لێیان، داواى بینینى ئه‌و ژن و كچانه‌شیان كردووه كه له ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانیان بیانبینن و ده‌شڵێت “كه بینیویانن داوای شتى نه‌شیاویشیان لێكردوون”.
سەردار لەتیف روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى له‌و كه‌یسانه گوێیان لێبووه، ئه‌وه‌یه كه ژنان و كچان به‌ناچارى چونه‌ته ژێر داواكارییه‌كانى ئه‌و كه‌س و گروپانه و بوونه‌ته قوربانی و ته‌نانه‌ت ده‌شڵێت “ژماره‌یه‌ك له‌و كچ و ژنانه تووشی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزان و لێكترازان و كێشه‌ى جۆراوجۆر بونه‌ته‌وه”.
ناوبراو كه توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیشه داواده‌كات، بە ئاگایانەتر سۆشیاڵ میدیا بە گشتی و سناپچات بە تایبەتی بەکاربهێندرێت كه دووه‌میان بووه‌ته وێرانكه‌ر بۆ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان”.
به پێویستیشی ده‌زانێت، لە کاتی مەترسی و هەڕەشەلێكردنیان کەسێکی نزیك و تێگەیشتوی خۆیان له‌و كێشه و گرفتانه‌یان ئاگاداربكه‌نه‌وه.
بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بۆ ته‌واوى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى كه وه‌كو توندوتیژى رووبه‌ڕووى كچان و ژنان ده‌بێته‌وه، له ته‌واوى شاره و شاروچكه‌كاندا ژماره 119ـى هێڵى گه‌رمى داناوه بۆ په‌یوه‌ندی كردن.