رێگەی قەرەداغ سلێمانی داخرا

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە نزیک ناوچەی تانجەرۆ، ١٥ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای باشووری سلێمانی دانیشتووانی گوندەکانی، (بەردەکەڕ، سەماوات، زرگوێز وناوگردان) رێگەی سەرەکی نێوان سلێمانی بۆ قەرەداغیان داخستووە و ناڕازین لە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی بۆ سێ کاتژمێری رۆژانە.

بێستوون محەمەد، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی بەردەکەڕ لە شوێنی رووداوەکە ئەمرۆ دووشەممە بە +964 ی وت “پێشتر لە کاتژمێر چواری ئێوارە بۆ کاتژمێر چواری بەیانی کارەبای نیشتمانیمان ھەبووە، بەڵام چەند رۆژێکە کاتژمێر چواری ئێوارە بۆ کاتژمێر نۆی شەو کارەبامان پێدەدرێ و ئیتر تا ئێوارەی رۆژی دواتر، بێ کارەباین “.

له‌ بەشێک لەو گوندانە كه‌ دەکەونە سەر رێگەی سەرەکی قەرەداغ بۆ سلێمانی، سوود لە مۆلیدەی ئەھلی دەبینرێت، مانگی رابردوو بۆ یەک ئەمپێر بڕی نۆ هەزار دینار وەرگیراوە، بە وتەی بێستوون “ئەوان قسەیان لەگەڵ وێستگەی تانجەرۆ کردووە بەڵام وتوویانە فەرمانی سەرەوە جێبەجێ دەکەین”.

پێشتر، سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی ھۆشداری دایە رای گشتی و بە +964 یشی وتبوو، لە سەنتەری سلێمانی لەمانگی ١١ تەنیا دەتوانین ١٢ بۆ ١٣ کاتژمێر کارەبا بدەین ئەگەر دۆخەکە بەم خواستە زۆرە بەردەوام بێت و سوتەمەنی دابەشنەکرێت، لەمانگی ١٢ بۆ ساڵی نوێ بڕەکە زۆر کەمتر دەبێتەوە”.

پێشتر، دانیشتووانی ئەم گوندانە ١٢ کاتژمێر کارەبایان پێدەدرا،  بەڵام ئێستا لە شەو و رۆژێکدا تەنها سێ کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان ھەیە، بەپێی سۆراغێکی +964 یش، وێستگەى بەرھەمھێنانی کارەبا لە تانجەرۆ بڕیاریداوە لەگەڵ نوێنەری دانیشتووانی ئەو گوندانە کۆببنەوە، کە داواکارییان گەراندنەوەی بڕی پێدانی کارەبایە بۆ دوانزە کاتژمێری رۆژانە.