وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە دایک و باوکان


ژووری هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، جپسی نایترۆجینی مەترسی لەسەر جەستەی مرۆڤ دروستدەکات و بە تایبەتیش بۆ منداڵان قەدەغەکراوە، نابێت رێگە بدرێت بەکاریبهێنن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 5.8.2021، ئەم هۆشدارییەی بڵاوکردووەتەوە.

وەزارەتەکە هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات بەرامبەر هەر مارکێت و ساردەمەنییەک کە بەکاریبهێنێت و بیخاتە بەردەم منداڵان.

داوایشی لە هاوڵاتیان و دایک و باوکان کردووە ئەگەر لە مارکێتەکان جپسی نایترۆجینیان بینی، ئەوا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی تیمەکانی چاودێری بازاڕەوە بکەن.

بە سۆراغی 964، ئەگەرچی نایترۆجین لە دۆخی غازیدا بێ زیانە، بەڵام کاتێک وەکو شلە تێکەڵ بە جپس دەکرێت و دەبێتە هەڵم زیانی گەورە لە سییەکانی مرۆڤ دەدات، چونکە چیتر ئەرکەکەی لەوە دەردەچێت پارێزگاری لە بە ساغی مانەوەی خواردنەکە بکات، بەڵکو خۆی دەبێتە مادەیەکی ژەهرین.